شاعیر: قانع
کتێب: گوڵاڵەی مەریوان
سەرناو: شێرەزای کوردم

هەموو کەس شارەزای من بێ، کە شێر و شێرەزای کوردم
بە دایم گوە بەراوازی، دەلیل و ڕەهنومای کوردم

خوا نەیکا ئەگەر دەردێ زوهووری کرد لە کوردستان
وەکوو قۆچ خەلیلوڵڵا، بە قوربان و فیدای کوردم

فیدایی من لە بۆ کوردان، خوسووسی قەت نەبینراوە
بچووکی بەگلەر و شێخ و مەلا و شاه و گەدای کوردم

ئەجەل دەستی من و داوێنی تۆ فریا کەوە زوو بێ
بە خۆم و ڕۆحمۆ حازر، لە بۆ دەفعی بەڵای کوردم

چ باخێ پڕ لە گوڵ، هەرگیز نەبینراوە بەبێ بولبول
منی سەودازەدەش وەک بولبولی شاخ و چیای کوردم

لە خزمەت با بەجێ مابم، بە تەیرێ هەر ئەبم مەعلووم
کە وا بوو، هودهودی شەهری سلێمانی سەبای کوردم

لە سووتانا چ بێ باکم، کە چۆن پاش مردنم قانع
لە چاوی ئەهلی دانشدا، وەکوو ڕۆح تووتیای کوردم